”لە بێدەنگیدا، تامەزرۆ و نامۆ ۲۷مین ساڵیادی ئێعدام کردنی ئەتۆم ڕێز دەگرت و بیرەوەریه کاڵهوهبووەکانم لە بەر چاوودا تۆخ دەبوونه‌وە، چاوم لە بزەی تۆراوی مانگی گوڵانە و لە بووکی ڕەشپۆشت و چاوم لە قوتابیه به جێ ماوەکانت و خەنەبەندانی خوێن ڕەنگتە کە هەواڵی له سێدارە دانی فەرزاد و هاوڕێیەکانی برینه کۆنەکانیشـمی وەژان هێنا و لەو ڕۆژەوە بەدڵێکی پڕله ناسۆرەوە وێنەی دایکی فەرزادیشم کە فەرزادی له ئامێز گرتووە خسته ناو چوارچێوێ قاپی بیرەوەریەکانم و نەخشی لە پاڵ وێنەی دایکم کە وێنه‌ی ئەتۆی باوەش گرتووە بۆ هەمیشه داکوتا…”
….وێنه‌که‌تم بهرانبهرخۆم داناوه و لێت ده‌ڕوانم زۆر ساڵان له گه‌ڵتا بووم، زۆر ڕۆژان به یادی تۆ کات و ساته‌کانم وه‌سه‌ما ده‌هێنا. به‌ڵام داخم ئیتر ئێجگار دره‌نگه، له ده‌موچاوته‌وه ده‌ستم پێ کردووه، له چاوانی ماتتهوه، له خه‌تی ژێر چاوت، ته‌نانه‌ت ده‌مهه‌وێ وه‌بیرم بێته‌وه که زۆرتر چ ڕه‌نگێکت بۆ چاویلکه‌کانت پێ جوان بوو. گه‌ر دوای سه‌د ساڵی دیکه‌ش لێم بپرسن کاتی زه‌رده‌خه‌نه و پێکه‌نین چلۆن ئهدوایت و کاتی گرژبوونت چلۆن؟ ده‌توانم به نوسین وێنه‌که‌ت بکێشمه‌وه.
ده‌زانی داره‌کانی ناو دارستانم زۆر خۆش ده‌وێن، چون به‌دوای تێپه‌ربوونی وه‌رزه‌کانی پاییز و زستانیش هه‌ر به پێوه‌ن و ڕاوه‌ستاو ده‌چنه ناو وه‌رزی به‌هاره‌وه و له‌به‌ر زه‌ردی وه‌رزی پاییز و له ژێر خه‌رمانه به‌فری وه‌رزی زستان چۆک داناده‌ن و شاخ و باڵیان سه‌ربه‌ست و ئازاد له قووڵایی دڵی ئاسماندا ده‌شه‌کێننه‌وه و به‌ره‌وڕووی ئه‌و ئاسۆیه‌ی که چرپه‌ی شنه‌بای نه‌سیمی وه‌رزی به‌هاری به دیاری پێیه زه‌رده‌خه‌نه لێ ئه‌ده‌ن، لاوه‌کان و کیژه‌کانی وڵاتی مه چه‌شنی ئه‌و دارستانه‌ن که ته‌نانه‌ت له‌و کاته‌شدا که په‌تی سێداره ده‌هاوێژنه ملیانه‌وه دڵیان مه‌کۆی ئه‌وین و عه‌شق وئاواتیان گه‌وره و باوەڕیان قوڵه که” داچوونی ئه‌ستێره‌کان مزگێنی هه‌ڵاتنی خۆر به دیاری ده‌هێنێت.”له نامه‌ی قهرزادی که‌مانگه‌ر وه‌ر گیردراوه
پێم خۆش بوو که زیندوو بویتایه و بتدیبایه که ئێستاش چیرۆکی ماسیه ڕه‌شه بچکۆله‌که دونیایێک ده‌هه‌ژێنێت و ڕێگه دیاری ده‌کات. پێم خۆشه بزانم که چلۆن پێشوازیتان له فه‌رزاد و له شیرین و له فه‌رهاد و عه‌لی و له مه‌هدی کرد، حه‌سره‌ت ده‌خۆم بۆ ئه‌و کاته‌ی که ئاسمان ئامێزی بۆیان کرده‌وه و ئه‌وانی بۆ میوانی به‌ره‌و وڵاتی خۆر برد، تامه‌زرۆم گوێم له ترپه‌ی دڵی زه‌وی بێت که له‌و کاتەدا که ئامێزی ده‌کاته لانکهێیک و پشوو ئه‌دات به جه‌سته‌ی زامداری ئێوه، ده‌مهه‌وێ بزانم که چلۆن ده‌گاته ترۆپکی به‌خته‌وه‌ری!
ده‌مهه‌وێت بۆ ساتێک ببمه میواندارت و له گه‌ڵ خۆمدا بتهێنمه‌وه بۆ کوردستان، بۆ مه‌ڵبه‌ندی حه‌ز و ئاوات و تاسه و خه‌م، له‌وێوه قسه‌ت بۆ ده‌که‌م، باسی ئه‌و کاته‌ی که هاوڕێیه‌که‌م هه‌واڵی له سێداره‌دانی فه‌رزاد و هاوڕێیه‌کانی پێدام ته‌زویێکی سارد به له‌شمدا هات و په‌شۆکام، هه‌ستم ده‌کرد دونیا به سه‌رمدا ڕووخاوه، نامۆ و په‌شێو و سه‌رگه‌ردان بیرم له تۆ ده‌کرده‌وه بیرم له خۆمان ده‌کرده‌وه، بیرم له‌و هه‌موو ساڵانه‌ی که تێپه‌ڕ بوون ده‌کرده‌وه که هه‌تا ئێستاش بۆشایی جێگای خاڵی تۆی پڕ نه‌کردۆته‌وه، بیرم له‌و سێبه‌ره قورسه‌ی که سالانێکی درێژه باڵی به سه‌ر ژیانی هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا کێشاوه و هه‌تاهه‌تایه هه‌ر بهشوێنمانهوه ده‌بێت ده‌کرده‌وه و له ناخه‌وه خه‌م دای گرتم که پێنح بنه‌ماڵه‌ی دیکه‌ش وه‌ک ئێمه و هه‌زاران بنهماڵهیتر هیچ کاتێک ئۆقره ناگرن و زامه‌کانیان به هیچ شتێک سارێژ نابێته‌وه، شاڵاوی خه‌م له ناو چاومدا و فرمێسکی قه‌تیس هێورهێور به بێده‌نگی دێته خوارێ.
هیچ ده‌زانی که سالیانێکی درێژه له‌و کاته‌دا که به‌هار ده‌ماری زه‌وی ده‌جولێنێ و مزگێنی ژیانه‌وه به دیاری ده‌هێنێ ئه‌من ده‌نگی دایکم له گوێم‌دا ده‌زرینگێته‌وه که ئه‌تۆ ده‌لاوێنێته‌وه، ده‌ڵێ گوڵم له کوێی ئه‌وا وه‌رزی به‌هاره مانگی گوڵانه دار و ده‌وه‌ن ده‌ژیێته‌وه گوڵ سه‌ر ده‌ر دێنێت، به‌ڵام هاوار! گوڵی منیان په‌ڕپه‌ڕ کرد. ده‌زانی چیتر وه‌رزی به‌هار شادم ناکات، ده‌زانیت زۆر له‌مێژه ووشه‌کانی شادی و به‌خته‌وه‌ری ماڵئاواییان لێ کردووین.
ئازیزه‌که‌م مانگی گوڵانه، دار و ده‌وه‌ن چرۆ ده‌کات به‌هار ده‌ماری زه‌وی ده‌جوڵێنێت و چیرۆکی کۆنی ژیانه‌وه به گوێی سروشت و دونیادا ده‌چرپێنێ، به‌ڵام دایکانی وڵاتی مه گوڵی په‌ڕپه‌ڕ کراوی کۆرپه‌کانیان له ئامێز ده‌گرن ئه‌ویش له ڕۆژی دایکدا، هاواری دایکانی وڵاتی من به قه‌د باڵای به‌رزی زامه‌کانی کوردستانه.
زۆرم پێ سه‌یره هیوا و ناهومێدی له ناخمدا ئاوێته بوون و ده‌سته‌ویه‌خه، چلۆن ده‌کرێت باس له به‌هار بکه‌م له کاتێکدا هه‌موو ڕۆژێک له‌م مهڵبەنده خوێناویه به‌هار ئه‌دزن، چلۆن ده‌کرێت باس له هه‌ڵاتنی خۆر و تاجه زێڕینه‌که‌ی بکرێت له کاتێکدا له‌م وڵاته خهمگرتووه هه‌موو کازێوهیێک هه‌ڵاتنی خۆر له سێداره ئه‌درێت، چلۆت ده‌کرێت باس له سه‌ما و شایی بکرێت له کاتێکدا به سه‌مای جه‌سته‌ی ڕۆله‌کانمان له پای داری سێداره‌دا ڕۆژه‌کانمان ده‌ست پێ ده‌که‌ین…
به‌ڵام هیوا ده‌گرم کاتێک که ده‌بینم دایکانی وڵاتی من له دوای ئه‌تۆش ڵاوی وه‌کو فه‌رزاد و فه‌رهاد و وه‌کو مه‌هدی و عه‌لی و کیژی وه‌کو شیرین په‌روه‌رده ده‌که‌ن، هیوا ده‌گرم کاتێک ده‌بینم که داچوونی هه‌ر ئهستێرهێک مزگێنی هه‌ڵاتنی خۆر به دیاری ده‌هێنێ. فه‌رزاد، شیرین، فه‌رهاد، مه‌هدی و عه‌لی له داییک بوونتان پیرۆز بێت.
لە نوسراوەئێک کە به یادی کاک ناسری خوشکهڵام که له ڵایه‌ن کۆماری ئیسڵامی ئێرانه‌وه لە به‌ره‌به‌یانی ۰۳/۰۲/۱۳۶۲ له شاری بانه ئیعدام کرا وەرگیردراوه.
ڕێکه به ڕێگابڕینی کانیاوه‌کان ناگیردرێت، گرینگ نییه هه‌ر چه‌نده‌ش هه‌وڵ بدرێت هەڵقوڵانەکەی دوا بخه‌یت له ناو کانگای دڵی زه‌وی دلۆپ دڵۆپ یه‌ک ده‌گرن و کۆ ده‌بنه‌وه و زۆری پێ ناچێت که سه‌رچاوه‌یێک بۆ سەرهەڵدان ئه‌دۆزنه‌وه و ئه‌مجاره‌یان ئیتر هیچ به‌ربه‌ستێک ناتوانێت ڕێگه به له دایکبوون و هه‌ڵقوڵان بگرێت.
زۆر لەمێژ نییه که هه‌واڵی دڵته‌زێنی له سێداره‌دانی فه‌رزاد و هاوڕێیه‌کانی دونیای هه‌ژاندووه و بە دوای ئەوەش بیستنی هه‌واڵی دیاریکردنی کاتی به‌ڕێوه بردنی حوکمی له سێداره‌دانی حه‌بیبی لوتفی ئەوەندەیتریش دایچڵەکاندین.
گیانی زێنه‌بی جه‌لالیان و زیاتر له پانزە هاووڵاتیتر ڕاسته‌وخۆ له مه‌ترسی به‌ڕێوه چوونی حوکمی ئیعدامدایه.
کوردستان جه‌سته‌یێکی زامداره، ئه‌مڕۆکه برینه کۆنه‌کانیش وههاوار هاتوون و بانگه‌شه‌ی ته‌واوی گه‌لی کورد، جیا له‌وه‌ی که سه‌ر به چ حیزب و ڕێکخراوه و کۆڕ و کۆمه‌ڵێکن ده‌کات که به ده‌نگ ڕۆڵه‌کانمانه‌وه بێن و چاو به سه‌ر ئه‌م تاوانه بێکۆتاییانه‌ی کۆماری ئیسڵامی نهقونجێنین.
ڕۆژگارێکی غه‌ریبه ته‌نانه‌ت له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و سهروهریشدا له ته‌رمه بێ’گیانهکانیشمان ده‌ترسن، بۆیه ده‌بێ دنگ هەڵبڕین و بڕوامان هه‌بێت که ئاسۆ ڕوونه و ده‌بێ بۆ خۆمان ئه‌و ئاسۆیه ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین!!
۲۳-۰۵-۲۰۱۰
سه‌نته‌ری ژنانی کورد له کۆڵن