به‌یاننامه‌ی چالاکگه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی کورد

لینک: http://kurd4change.blogfa.com

له‌ کاتێکدا که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی بانگه‌شه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی مافی مرۆڤ ده‌که‌ن و به‌ناوی ئیسلام ودادپه‌روه‌رییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداری خه‌ڵکن و له‌ئه‌ملاوئه‌ولا سمیناری به‌رگری له‌ مافی ژنان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و میوانانی بیانی بانگهێشت ده‌که‌ن، خه‌ڵکی ئێمه‌ له‌ بارودۆخێکدا ده‌ژین که‌ رۆژبه‌رۆژ مافی تاک و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییان سنووردارتر ده‌بێت. ئه‌م پاڵه‌په‌ستۆ و گوشارانه‌ داهاتوویه‌کی خراپی بۆ خه‌ڵکی ئێمه‌ به‌دواوه‌یه‌.

که‌واته‌ ئێمه‌ ژنانی کوردستانیش ده‌نگی خۆمان هه‌ڵده‌بڕین که‌ دوای یه‌کسانی و رێزگرتن له‌ مافی مرۆڤدا خوازیاری ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ین.

۱. دابینکردنی ماف ودادپه‌روه‌ری بۆ ژنان، ئامانجی هاوبه‌شی چالاکی بزووتنه‌وه‌ی ژنانه‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ژنانی تورک و کورد و فارس و عه‌ره‌ب و ….هتد، خواسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ ژنانی چالاکی جیهان گرێداوه‌ بۆ به‌دیهێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تی و هاووڵاتی بوونی خۆیان به‌ربه‌ره‌کانی ده‌که‌ن و زۆرترین هه‌وڵیان بۆ ئه‌م ئامانجه‌ داوه‌. که‌چی له‌م مانگانه‌ی دواییدا شایه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر کردنی ژنان و کچانی کورد له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی کوردستان بووین، به‌ تایبه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی که‌ به‌دوای چاره‌سه‌ر کردنی یه‌کسانی ژنان و پیاوانه‌وه‌ن و هه‌رووها خوازیاریی مافی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانیشیان هه‌یه‌.

۲. ئێمه‌ ژنانی کورد ئه‌مجۆره‌ سه‌رکوت کردنه‌ که‌ دوور له‌ چاودێری یاساناسان و رای گشتی به‌ تۆمه‌تی ساخته‌ی جیاخوازی و تیرۆریزم به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی که‌مترین ماف و به‌ بێ ره‌حمانه‌ترین جۆر هه‌ڵسه‌وکه‌وتمان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، به‌توندی شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ین و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ سته‌مێکی زیاتر له‌ مافی ئه‌م چالاکگه‌رانه‌ ده‌زانین.

۳. بزوتنه‌وه‌ی ژنانی کورد، له‌گه‌ڵ ئه‌وی جه‌خت له‌سه‌ر کۆکردنه‌وه‌ی یه‌ک ملیۆن واژوو بۆ گۆڕینی یاسا هه‌ڵاوردکاره‌کانی دژ به‌ ژنان ده‌کاته‌وه‌، ناڕه‌‌زایه‌تی خۆیان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ئه‌شکنجه‌ و ئازاری چالاکانی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و مه‌ده‌نی کوردستان ده‌رده‌برِن که‌ زۆربه‌یان له‌ ره‌وشێکی زۆر ناله‌باردا ده‌ژین.

۴. که‌واته‌ ئێمه‌ ژنانی کورد و گه‌لی کورد له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان خوازیاری ئازادی هه‌رچی خێراتری هه‌ردوو خاتوون (هانا عه‌بدی) و (رووناک سه‌فازاده‌)ین و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو چالاکانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و رێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کان ده‌که‌ین به‌ واژووی ئه‌م بانگهێشته‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ یه‌ک ده‌نگ بن و یارمه‌تی ژنانی کورد بده‌ن. هه‌روه‌ها داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانی ئاسایشی ئێرانی ده‌که‌ین که‌ شێوازێکی ئاشتی خوازانه‌ و دادپه‌روه‌رانه‌ بگرنه‌به‌ر.

چالاکگه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی کورد

بۆ پشتیوانی له‌م داوایه‌ ده‌توانن به‌ناردنی نامه‌یه‌ک بۆ ئه‌م ئیمه‌یله‌ پشتیوانی و هاوسۆزی خۆتان ده‌ربڕن

jinekurd@yahoo.com

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *