هایدە موغیسی: سێکیولار دەستێوەردانی فەرمی ئایین لە سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکاندا سنووردار دەکات

د. سەباح موفیدی

تمام ترجمه هاى این مقاله :

[فارسى]
[Kurdish]

ناوەندی کوردستان: ئێوە لە بوارەکانی ژنان، جیندەر، فێمینیزم و ئیسلام، فێمینیزم و دیموکراسی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەتان هەبووە و هەروەها چالاکی بواری مافی ژنان بوون. بەپێی رادەی گەشەی دیموکراسی، پەیوەندییەکان و راگەیاندنەکان و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاگایی خەڵک، ئێستا دۆخی گشتی مافی ژنان لە ئاستی جیهانیدا چۆن دەبینن؟ ئاخۆ لەم بوارەدا گۆڕانێکی گرنگ لە رادەی رەچاوکردنی ئەم مافانە و کەمبوونەوەی جیاوازیی نێوان وڵاتانی دواکەتوو، پێشکەوتوو و ئەوانەی لە پێشکەوتندان دەبینرێت؟

پڕۆفیسۆر موغیسی: لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا وێنا کولتوورییەکان، بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە چەمکەکان و جیاوازییەکانی ژنیەتی و پیاوەتی هەیە، هەڵبژاردنەکان و دۆخی کۆمەڵایەتی ژنان دیاریی دەکەن. رۆڵەکانی پێوەندیدار بە رەگەزێتی/جیندەر کە بە درێژایی مێژوو بە یارمەتی ئایین، خێزان، نەریتەکان، پەروەردەی فەرمی، ئامرازەکانی پێوەندیی بەکۆمەڵ و یاسا، لە رێگای چاوەڕوانییە کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکان لە ژن و پیاو، دووپات کراونەتەوە و جێکەوتوون، و چاوەڕوانییەکان و باوەڕەکان و بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان، بە پاڵپشتی یاسا، رەگەز واتە جیاوازییە بایۆلۆجیەکان دەکەن بە جیندەر، واتە پێوەندییەکانی دەسەڵات و قانەکانی رەگەزێک بە زیانی رەگەزەکەی تر. بەمجۆرە ئەوەی کە دەسەڵاتی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرەوەتری هەیە لە کردەوە و دژکردەوەکانی رۆژانەدا، لە خێزان و لە کۆمەڵگادا، ژن و ژنیەتی بە بەراورد لەگەڵ پیاو و پیاوەتی بە کەم بایەختر هەڵدەسەنگێنێت؛ بچووکتر بوونی لەشی ژن و گەورە و بەهێزبوونی لەشی پیاو وەکو هۆ و پاساوکەری نابەرابەری بایەخ و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی دوو رەگەزەکە پێشکەش دەکات. بەڵام چینی کۆمەڵایەتی، رەگەز، گرێدراوێتی نەتەوەیی و ئەزموونە سێکسییەکانیش لەسەر ئەزموونەکان و ویست و داخوازییەکانی ژنان کاریگەرە. جۆراوجۆریی و ئاڵۆزیی پرسەکانی ژنان لە وڵات، نەتەوە، کولتور و ئایینە جیاوازەکاندا نابێت ئەو راستییە داپۆشێت کە لە نێو پەیوەندییە پێش مۆدێرنەکاندا هیچ تایبەتمەندییەکی تر بە رادەی زاڵیەتی پیاوان سەخت و خۆڕاگر نەبووە و نییە.

سروشتییە کە ئاستی گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، پەروەردە و ئاگاییە کولتووری و سیاسییەکان لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکاندا، هەم گرنگایەتی هێزی فیزیکی و هەم سێکسیزم یان رەگەزخوازیی لە هەندێ کۆمەڵگادا تووشی کێشە و تەنگژە کردووە. ژنان لە وڵاتانی رۆژئاوادا سەرکەوتنی یاسایی گەورەیان لە بوارە جیاوازەکاندا لە باری مافی کولتوری، کۆمەڵایەتی و یاسایی بە بەراورد لەگەڵ خۆشکەکانیان لە شوێنەکانی تری جیهاندا دەستەبەر کردووە کە دەرەنجامی خەباتی ئەوان بۆ بە فەرمی ناسینی دۆخی هاووڵاتێتی تەواو (تاکایەتی) ژنانە؛ واتە بەرابەری لە یاسا و لە بەرانبەر یاسادا. ئەگینە زۆرێک لە لەمپەڕە هەبووەکان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا کە لە گەشەی تاک و کۆمەڵایەتی ژنان بەرگیری دەکەن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەی سەرمایەداری لە ئەوروپاشدا هەبوون. لەوانە دەکرێ وەک نموونە ئاماژە بکرێت بە بەرگیری لە پەروەردەی ژنان، سنووردارێتی دامەزراندنی ژنان، بێبەربوونی ژنان لە مافی دەنگدان، رێگەپێدراوبوونی دەستدرێژیی و توندوتیژیی لەسەر ژنان لەلایەن مێردەکانیانەوە، بێبەربوون لە مافی سەرپەرشتی منداڵان و رێسا وشک و سەختگیرانەکانی ئەخلاقی و پێوەندیدار بە رەگەزێتیی.

خەباتی ئەستەمی فێمینیستەکان و چاکسازیخوازانی کۆمەڵایەتی بۆ لەنێوبردنی ئەم لەمپەڕانە، تاقیکارییەکی دیاریکەر بۆ پڕۆژەی مۆدێرنیتە بووە. زۆرێک لە چاکسازییە بۆرژواییەکان لە بوارەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، هەلومەرجی کار، یاساکانی خێزان و کاروبارێک وەک ئەوانە کە لە کۆمەڵگاکانی پێش سەرمایەداریدا وێنا نەدەکرا بە دوای زیاتر لە چەندین دەیە خەباتی ژنان، لە قازانجی ئەوان گۆڕدرا. ئەم گۆڕانکاریانە بە دەسکەوتێکی گەورە بۆ فێمینیستەکان لە کۆمەڵگاکانی رۆژئاوا (لە هەندێ بواردا لە کۆمەڵگا ناڕۆژئاواییەکان هەڵبەت بە ترس و پارێزەوە) دێتە ئەژمێر. بەراوردی ئامار و ژمارەکانی پەیوەندیدار بە دەسڕاگەیشتنی بێ لەمپەڕی ژنان بە پیشە، تەندروستی، پێشکەوتن لە پیشە سیاسییەکان و مافی بەرابەر لە پێوەندییە سێکسی و خێزانییەکان لە ئاستی جیهاندا، جیاوازیی گەورە لە نێوان ماف و ئیمکاناتی ژنان لە رۆژئاوا و لە کۆمەڵگاکانی تردا پیشان دەدات، وێرای ئەوەی کە بۆ نموونە نەبوونی دەسەڵاتی ژنان لەسەر جەستەی خۆیان، چەوساندنەوە و کەڵکی نالەباری سێکسی، توندوتیژیی زۆر، ئەزموونی هاوبەشی هەموو ژنان لە باشوور و باکووردایە. یان گوشار لەسەر ژنان بۆ هاوئاست کردنی ژیانی خۆیان لەگەڵ ئەو وێنانەی کە میدیاکان پێشکەشیان دەکەن یان ئەوەی کە پێی گوتراوە ‘داوی جوانی’، لە هەموو شوێنێک ژنانی چینی مامناوەند دەخاتە ژێر گوشار. بەڵام لە ئێران، لە هەلومەرجی ئێستاکەدا ژنان مافی بەرابەریان وەک هاووڵاتیی نییە، بەرابەری لە یاسا و لە بەرانبەر یاسا بەپێی شەرع لە ژنان و کەمینە ئایینییەکان درێغی کراوە.

لەگەڵ روخانی سیستەمی پاشایەتی و جێگیربوونی ئیسلام مەکتەبێ کە یەکەمین ئەرکی خۆی بە رێکخستنی پیەوەندییە رەگەزێتی و کولتورییەکان، کۆنتڕۆڵی ژنان و پاراستنی خێزانی باوکسەروەر دەزانێت، حکوومەتی مەلاکان لە رێگای دەسەڵاتی حکومی یان بە پاڵپشتی تەشەنەی سیاسی و ئایینی هەوڵ دەدات لە ژێر ناوی پاراستنی کەرامەتی ژنان و پیرۆزیی خێزان ژنان لە پانتایی گشتی بکاتە دەرەوە. بەوجۆرە دەرەنجامەکەی سنووردار بوون یان بەربەستنی دەسڕاگەیشتنی ژنان بە سەرچاوە ئابووری و ئاسوودەییەکانی کۆمەڵگایە. ئەوەندە بەسە ئاماژە بکەم کە لە نیشاندەری ‘ئیندێکسی بەرابەری رەگەزێتیی’ کە لە ساڵی ۲۰۱۰ بەملاوە ساڵانە بە ئەژمارکردنی چوار هۆکاری پەروەردە، تەندروستی، ئابووری و سیاسەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا راپۆرت دەکرێت، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا (بێجگە ئیسرائیل) بەردەوام لە خوارترین ئاستی وڵاتانی جیهاندان. سەیر ئەوەیە کە لە ناو وڵاتانی ئەم ناوچەیەی جیهان، ئێران و ئوردون دوو وڵاتن کە لە دە ساڵی رابردوودا نیشاندەرەکانی ‘مەودای رەگەزێتیی’ لەوانەدا خراپتر بووە. لە ساڵی ۲۰۱۷دا لەم نیشاندەرە جیهانییەدا لە نێوان ۱۴۴ وڵاتدا ئێران پلەی ۱۴۰ی هەبووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ئێمە لەسەر ئێران هەمانە، ئەم ئاستە نزمەی بەرابەری رەگەزێتیی ئەوەندە جێی سەرسووڕمان نییە. ئامارە فەرمییە حکومییەکان لەوانە ‘ئامارگرتنی نموونەیی ناوەندیی ئاماری ئێران’، ‘سەرژمێری جەماوەر و خانووبەرە’ و ‘گەڵاڵەی ئامارگرتن لە هێزی کار’ پیشاندەری رەوتی دابەزینی بەشداریی ژنان لە هێزی کار و پەرەسەندنی جێی سەرسووڕمانی بێکاری لە نێوان ژنانی شار و لە ماڵدا مانەوەی ئەوانەن. لە لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرەکاندا رادەی بێکاری ژنان بەپێی سەرژمێری جەماوەر و خانووبەرە، لە ساڵی ۲۰۱۷/۱۳۹۶ دا سێ ئەوەندەی پیاوان ئاماژەی پێ کراوە. هەر لەو ساڵەدا تەنیا لە سەدا ۴۰ی هێزی کاری ۱۰ ساڵە بۆ ۶۴ ساڵە لە بازاڕی کاری وڵاتدا چالاک بوون کە تەنیا نزیکەی ١٢ لەسەدی ئەوان ژن بوون. توێژەران دابەزینی رادەی بەشداری ئابووری و زیاتربوونی رادەی بێکاری ژنانی خوێندەواری شار بە ‘کارەسات’ ناو دەبەن. سیاسەتەکانی پشکی رەگەزێتی لە پیشە و قەیرانی درێژخایەنی پێکهاتەی ئابووری لەلایەک و بێکارکردنە فەرمییەکان، بۆ نموونە لە ژێر ناوی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاری ژنان یان لەم دواییانەدا زیاترکردنی پشووی دووگیانی بۆ دایکان لە ۶ مانگ بۆ ۹ مانگ (کە بەپێی ئاماری رێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی دەرکردنی یەک لە سێی دایکانێ کە چوونەتە پشوو) بەرپرسی بێبەرکردنی ژنان لە دەستەبەرکردنی داهاتی سەربەخۆ و رادەی زۆری بێکاری ئەوان و زیاتربوونی ‘کەلێنی رەگەزێتیی’ لە پانتایی پیشەدایە.


ناوەندی کوردستان: لە پێوەندی لەگەڵ پرسیاری پێشوو، دۆخی ژنانی موسڵمان لە ئاستی جیهانی و بەتایبەت لە وڵاتانی موسڵمان چۆنە؟ ئاخۆ گۆڕانێکی هەستپێکراو لە بواری بەرابەری و رەچاوکردنی مافی ئەواندا دەبینرێت؟

پڕۆفیسۆر موغیسی: وادەزانم ئەم پرسیارەم وەڵام داوەتەوە، ئەوەی کە دەکرێ زیاتر بکرێت ئەمەیە کە بێجگە کەم پەرەسەندنی ئابووری و سیاسی، باوەڕەکان، فەرمانەکان و دامەزراوە ئیسلامییەکان لە هۆکارە دیاریکەرەکانی جێکەوتنی بندەستی ژنان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، لەوانە ئێران، بوون و هەن. زۆرێک لە توێژینەوە گرنگە فێمینیستییەکان لەسەر پەیوەندییە رەگەزێتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دواهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سەرقاڵبوونی کولتوری ئیسلامی بە پێوەندییە سێکسییەکان و کۆنتڕۆڵی ئاکارەکانی ژنان لە رێگای خستنە پەراوێزی ئەوان و جیایی دوو رەگەزەکە لە کۆمەڵگایان بۆ ژنان تاوتوێ کردووە. لەوانە ‘فاتیمە مێرنیسی’ مانەوەی سەرسەختانەی پەراوێزخستنی ژنان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بە دەرەنجامی جۆری کەڵکوەرگرتنی ئیسلام لە مەودا و یاساکان و میکانیزمەکانی تری پێوەندیدار بە کۆنتڕۆڵی رەگەزێتی یان سێکسوالیتەی ژنان دەزانێت – واتە بۆ ئەوەی کە پیاوان بتوانن ئەرکە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بەجێ بهێنن دەبێت ژنان کۆنتڕۆڵ بکرێن. بە واتایەکی تر، جیاکردنەوەی دوو رەگەز، حیجاب و فرەهاوسەری دامەزراوەگەلێک بۆ جێخستنی سەروەری پیاو و کۆنتڕۆڵی هێزی ‘تێکدەری’ سێکسی ژنن.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئیسلام بەپێچەوانەی مەسیحییەت، هەبوونی حەزی سێکسی هەم بۆ ژن و هەم بۆ پیاو و پێویستیی بەدیهاتنی ئەوە بۆ هەردووکیان بە فەرمی دەناسێت. بەڵام هاوکات بەدیهاتنی ئەو پێویستییە ئەوەندە مەرجدار و پێبەستە دەکات کە لایەنە ئەرێنییەکەی چەمکی ئیسلامی سێکسوالیتە، ناکۆک دەبێت. شەرەف و ئابڕووی خێزان لەم کولتوورەدا گرێدراوی ئاکاری سێکسی ژنانە. کەواتە ژنان باری بەرپرسیارێتی پاراستنی ئابڕوو و شەرافەتی خێزانیان لەسەر شانە، نەکا کارێک بکەن کە ئەم ئابڕووە بکەوێتە مەترسییەوە. لەلایەکی ترەوە، بەرگری لە نامووسی ژنانی خێزان و خزم کەڵکەڵەیەکی گرنگ بۆ پیاوانە هەر لە سەردەمی منداڵییەوە. بۆیە جێی سەرسووڕمان نییە کە کوڕانی ۱۳ یان ۱۴ ساڵە، بەتایبەت لە نەبوونی باوکدا، فەرمان بدەن بە خۆشکانی گەورەتر لە خۆیان و لۆمە و سەرکۆنەی شێوازی لەبەرکردنی جلوبەرگ یان ئاکاری ئەوان بکەن. تەنانەت مام یان کوڕی مام یان کوڕی پوور مافی چاودێریی بە سەر ئاکاری ژنانی بنەماڵەیان هەیە و تەنانەت رەنگە لە پەنای یاسادا بە بیانووی بەرگری لە نامووس (پیاوان) تووشی کوشتنی ئەوان ببن. کاریگەریی دەروونی ئەم کولتوورە، هەستی بێ بڕوایی بە خۆ لە ژنان و بڕوابەخۆبوونی لەڕادەبەدەر لە پیاوان، لە نزیکە و هەموو بوارەکانی ژیاندا هەیە. هەستی بەهێزی و سەروەریی کە پیاوان لە بازنەی پێوەندییە سێکسییەکاندا هەیانە و ئەو نۆرمە یاسایی و سێکسییانەی کە دەسڕاگەیشتن بە جەستەی ژن بۆ ئەوان بە رێگەپێدراو دێنێتە ئەژمێر، بیچم دەدات بە وێناکانی ئەوان لەسەر ژنان و دەبێت و نەبێتەکانی پێوەندیدار بە ئاکار لە بازنەی پەیوەندییە ناسێکسییەکاندا. ئەم بابەتە بە واتای قانەکانی پیاو لە ژیانی تایبەتی و کۆمەڵایەتییە. بە واتایەکی تر، بۆچوونەکان، وێناکان و باوەڕە رەگەزێتییەکان، کردەوە و ئاکار و مافی تاکەکەسی ژنان لە بازنەی سیاسی و ئابووریشدا دیاریی دەکەن.

ناوەندی کوردستان: ئێوە ئەزموونی ژین لە هەر دوو رژێمی پێش و پاش شۆڕشی ۱۹۷۹ی ئێرانتان هەیە. پاش شۆڕش لە چالاکانی مافی ژنان بوون و دواتریش لەسەر دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئێران و بەتایبەت ژنان، توێژینەوەی جۆراوجۆرتان هەبووە. دۆخی ژنان لەم دوو رژێمەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

پڕۆفیسۆر موغیسی: هەروەها کە دەزانن ژنانی ئێران لە پێش سەد ساڵ بەر لە ئێستاوە لە زۆرێک لە راپەڕینە خۆڕسکەکانی خەڵک لە دژی زیاتربوونی نرخەکان، زیاترکردنی باجەکان و ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر هەلومەرجی کار ئامادە بوون. ئەم ناڕەزایەتیی و راپەڕینانە زۆرتر دەرەنجامی بارودۆخی رۆژانەی ژیانی ئەوان و خێزانەکانیان و بە هۆی درێژەدان بە ژیان روویان دەدا. واتە ئامادەبوونی ژنان لە بزووتنەوە سیاسییە ئازادیخوازانە و دژە کۆلۆنیالیستییەکان بۆ وێنە لە شۆڕشی مەشرووتەدا وەکو ژن، وەک بوونەوەرێکی خاوەن ویست و دەنگی سەربەخۆ نەبووە. چالاکی سیاسی ئەوان کاتێک بوو بە ‘بزووتنەوە’ کە ئامادەبوونی ژنان بە شێوەی رێکخراو، لەگەڵ داخوازییە دیارەکان لەوانە ناڕەزایەتی لەسەر نابەرابەری نێوان دوو رەگەز، زنجیرەپلەی رەگەزیی و هەڵاواردنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی هێنایە ئاراوە.

هەڵبەت بەپێی دۆخی سیاسی زاڵ و بەهێزی یان لاوازیی دەوڵەتەکان بزووتنەوەی ژنان هەڵبەزین و دابەزینی هەبووە. واتە خولە جیاوازەکانی بزووتنەوەی ژنان پێوەندیی هەبووە لەگەڵ بەهێزیی یان لاوازیی سەرکوت و توندوتیژیی سیاسی و دەسەڵاتی فەرماندەرانەی حوکمڕانەکان کە بەشێکی گرنگ لە ستراتیژیی پەرەپێدانی سەرمایەداری و رەوتی مۆدێرنیتە لە ئێران بووە. سەردەمی پاشایەتی رەزاشا لە باری مێژووییەوە لەگەڵ هەندێ گۆڕانی ئەرێنی بۆ ژنان بوو لەوانە زیاتربوونی خوێندنگەکانی کچان، کردنەوەی زانکۆ کە ژنانیش مافی رۆشتن بۆ زانکۆیان هەبوو و لابردنی حیجاب کە ژنانی بردە ناو پانتایی کۆمەڵایەتییەوە. ئەمانە هەمووی لە رێگای کورتکردنەوەی دەستی مەلاکان لە پانتایی یاسایی و دادوەریی و کاری پەروەردەدا جێبەجێ کرا. بەڵام بەحکومی کردنی بزووتنەوەی ژنان و بەرگیری لە چالاکییە سیاسییەکانی ئەوان، بزووتنەوەی ناحکومی ژنانی لەنێو برد.

ئەم خاڵە دەکرێ سەبارەت بە سەردەمی پاشایەتی کوڕەکەشی، پاش کۆدەتای ۲۸ی گەلاوێژ تا شۆڕشی رێبەندانیش بوترێت. کەڵک وەرگرتنی رژێم لە ئارمانی ژنان و بەکارهێنانی زۆر و کۆئۆپتاسیۆن ([بەرەو خۆ راکێشان]) کاریگەریی نەرێنی بۆ بزووتنەوەی فێمینیستی هەبوو. رژێم لە رێگای ناسیاسی کردنی چالاکی بزووتنەوەی ژنان و دوورخستنەوەی خەباتی ئەوان بۆ دەستەبەرکردنی بەرابەری رەگەزیی لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی دادپەورەریی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس، بزووتنەوەی ژنانی لە چاو هێزە پێشکەوتووەکان بێ بڕوا کرد و نادیاریی و سەرلێشێواوی زۆر سەبارەت بە ویستە فێمینیستییەکان پێکهات. دەرەنجام چ بوو؟ نەبوونی بزووتنەوەی سەربەخۆی فێمینیستی کە بتوانێت دەسبەجێ پاش شۆڕش لە رێگای بەجووڵەخستنی ژنانەوە وێژمانی پێویست بۆ باسی ستەمی ژن لە بواری تایبەتی کولتووری-کۆمەڵایەتی ئێران لە حکوومەتی مەلاکاندا پێشکەش بکات و لە بەرانبەر سیاسەتەکانی رەگەزخواز و دواکەوتووانەدا راوەستێت. دەرەنجام بەدواچوونەوەی باوەڕپێنەکراوی دۆخی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بووە کە پێشتر ئاماژەم پێ کردن. بەوەشەوە ژنان یەکەم هێز بوون کە لە بەرانبەر سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامی و کەسی ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ ئیسلامیکردنی رواڵەت و ئاکاری ئەخلاقی و مافەکانی ژنان دەستیان دایە دەربڕینی ناڕەزایەتی.

ئەگەر سەرنج بدەین کە ئیسلامیکردنی رواڵەتی ژنان و دۆخ و جێبەجێکردنی یاساکانی مەدەنی و سزادانی زاڵ بە سەر پێوەندییەکانی ژن و پیاو و رەوشتی کۆمەڵایەتی چ گرنگایەتییەکی سیاسی و پڕوپاگەندەیی گەورەی بۆ رژێمی ئیسلامی هەبووە و هەیە، لە گرنگایەتی خۆڕاگری و خەباتی ژنان لە دژی حیجابی زۆری/ناچاری چاکتر تێدەگەین. لە چل ساڵی رابردوودا، هەرچی گوشارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی رژێم و توندوتیژیی فیزیکی و ئەخلاقی ئەوە سەبارەت بە ژنان زیاتر بووە و هەرچی دەرەتانی چالاکی سیاسی و یاسایی ژنان تەنگتر بووە، رۆحی خۆڕاگری و ورەی گۆڕانی نابەرابەری رەگەزێتیی و نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکان و لەگەڵ ئەوەدا پێگەیشتنی هزریی و سیاسی ژنانی ئێرانی زیاتر گەشەی سەندووە و بەهێزتر بووە.

ناوەندی کوردستان: پاش شۆڕش و بەتایبەت لە ژێر کاریگەریی فشاری نێودەوڵەتی، لە هەندێ بڕگەدا بە جۆرێک یەکگرتوویی سیاسی لە نێوان ئایدۆلۆجیا بە توندی ناکۆکەکان روویدا کە لە ئاکامدا یارمەتی زاڵبوونی ئیسلامخوازانی دا و بە گشتی بە زیانی ژنانی کۆمەڵگا تەواو بوو. دژکردەوەی چالاکانی ژن لە بەرانبەر ئەم یەکگرتوویی و هاوپەیمانییانەدا و هەستی مەترسی لە کاریگەرییەکانی ئەوە لەسەر داهاتووی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە مافی ژنان چۆن بوو؟ ئەو بە قوربانی بوونە لە نێوان ئایدۆلۆجیاکاندا چۆن شی دەکەنەوە؟

پڕۆفیسۆر موغیسی: بزووتنەوە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان تەشەنەدارترین هێزی سیاسی لە سەرتانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادان. لە هەمووی ناوچەکەدا دەوڵەتێک نییە کە بێ رەچاوکردنی هێزی چەکدار و زۆری سیستەمەکانی سەرکوتی و وێرای پاڵپشتی بێ درێغی دارایی و چەکداریی رۆژئاوا، دەستی لە بەرەنگاری ئایدۆلۆجیک، رێکخراوەیی و چەکداریی و جاروبار تێرۆریستی لەگەڵ ئەم هێزانەدا نەبێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە رژێمە ناخەڵکییەکانی ناوچە، یان بۆ شەرعییەت دان بە خۆ و یان لەنێوبردنی بزووتنەوەی نائایینی و پێشکەوتووانە لە ناوچەکەدا، خۆیان هۆکاری بەهێزتربوونی بزووتنەوە ئیسلامییەکانن. هەروەها کە زۆرێک لە ئێمە پێشبینیمان دەکرد کارەساتی ۱۱ سێپتەمبەر بوو بە بوار یان بیانوویەک بۆ دەستێوەردانە سیاسییەکان و هێرشی چەکدارانەی راشکاوتر و خۆ بە حەق زانینتری رۆژئاوا لە وڵاتانی ناوچەکە، تێکچوونی سیستەمی سیاسی و تەواوەتی خاکی چەند دەوڵەتی گرنگی ناوچەکە، کاولبوونی پێکهاتەکانی ژێرخان، کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئاسوودەیی ئەم وڵاتانە، گەشەسەندنی زۆری بناژۆخوازیی ئایینی، داخراوتر بوونی دەرەتانی سیاسی بۆ بەدواداچووانی دادپەروەریی لە ناوچەکە، سەرهەڵدانی گروپە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژ و بێبەزەیی تێرۆریستی لەگەڵ دەرەنجامە کاولکەرەکان، بەتایبەت بۆ ژنان.

چوونەوە بە سەر ئەو رووداوانەیدا کە لەو کاتەوە تاکو ئێستا بینیومانە پێویست ناکات، چۆنکو هەموومان تاڕادەیەک ئاگاداری ئەوەین. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە بەداخەوە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم ئێمە بینیومانە کە گوشارە سیاسییەکان لەسەر بزووتنەوەکانی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە. واتە پانتایی بۆ چالاکی هێزە دیموکراسیخوازەکان، لەوانە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لەوەی پێشتر بووە تەنگتر بووەتەوە. بەڵام ئەو شێوازە توندوتیژانەی کە ئیسلامخوازان بۆ پووچەڵکردنەوەی تێکۆشانی ژنان بەکاریان دەهێنن بووەتە هۆی ئەوەی کە ژنانیش شێوەگەلێکی نوێ بۆ خەبات لەگەڵ ئیسلامخوازان بگرنە پێش کە بەپێی دۆخی سیاسی بە بەراورد لەگەڵ پێشتر گۆڕدراوە. لە بەرەی ژناندا ئەوڕۆکە داخوازییەکان زیاتر تیشکی خستووەتە سەر چاکسازییە دیار و سنووردارە یاساییەکان، بە رەچاوکردنی پارێزکارییەوە، بەکارهێنانی هەنگاوە ژیرانەکان، لەلایەک و سەر تێکۆشانە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی ئاگاکردنەوەی کۆمەڵگا لە دۆخی نامرۆیی مافی ژنان و بەهاکان و نەریتە ئایینی-کولتوورییەکانی دژەژن، لەلایەکی ترەوە. ژنانی چالاک لە بزووتنەوەی ژنانی ئێران لەم ساڵانەدا هەرگیز دەستیان نەکێشاوە لە داواکاریی مافەکان کە بووە هۆی شۆڕشی رێبەندانی ۱۹۷۹ و لە هەر دەرەتانێکی بچووک بۆ تەشەنە لە دیواری ئاسنینی ملهوڕیی ئایینی، خۆویستی سیاسی و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە.

ناوەندی کوردستان: وێرای هەندێ گۆڕان لە رواڵەت و عەینییەتدا، زەینییەتی ژنان تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا زۆرتر نەریتی ماوەتەوە و لە روانگەی پیاوانەوە سەیری پرسەکان دەکەن. ئاخۆ لە ئێران و هەروەها لە نێو دیاسپۆرای ئێرانیدا بێجگە دۆخی رواڵەت، لە زەینییەتی ژناندا گۆڕانێکی بەرچاو هەبووە؟

پڕۆفیسۆر موغیسی: بزووتنەوەی ژنانی ئێران رەوتێکی یەکدەست نییە و جۆراوجۆرییەکی بەربڵاو لە روانگە جیاوازەکان لەوانە ئایینی و سێکیولار، لیبراڵ و چەپ، میانەڕەو و رادیکاڵ لەبەر دەگرێت. ئەگەر شەبەنگی بەربڵاوی ئۆپۆزسیۆن لە سێ پۆلدا دانێین، بزووتنەوەی ژنان و لایەنگرانی لە ناوخۆ و دەرەوە لە هەر سێ پۆلی ئۆپۆزسیۆندا هەن، بە رادەی جیاواز جەخت دەکەن لەسەر داخوازییەکانی تایبەتی ژنان و لەسەر داخوازییە گشتییەکان. پۆلێک بەشێ لە سیستەمی دەسەڵاتدارە کە داوای پاراستنی دۆخی هەبوو لەگەڵ چاکسازیی زۆر کەم دەکات. پاش ئەوە شەبەنگە جۆراوجۆرەکانی چاکسازیخوازی دەرەوەی سیستەم هەن کە بە رادەی جیاواز داوای چاکسازیی گرنگتر لە پێکهاتەی سیاسی و یاسایی سەروەریدا دەکەن، دەرەنجام لەوپەڕی ئەم ئۆپۆزسیۆنەدا ئەو رەوتانە هەن کە داوای گۆڕانی بنەڕەتیتر و خێراتری رژێم و هەڵپێچانی هەمووی سیستەم و دەوڵەتی ئایینی دەکەن.

راستیی ئەوەیە کە لەم چل ساڵەدا، هەوڵی بەردەوامی ژنانی چالاک بۆ دەرخستنی نابەرابەرییە یاساییەکان و هێنانە ئارای بەدواداچووانەی پێویستییە خێراکان و داخوازییەکانی ژنان بەرەبەرە ئاستی ئاگایی گشتی لەسەر نادروستبوونی هەندێ هەڵاواردنی یاسایی و وانە ئەخلاقییەکانی بە روونی بەرز کردووەتەوە، بەرەنگاری باوەڕ و بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی دژەژن بووەتەوە و وەرگرتنی هێزی هزریی و ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی ژنانی ئاسانتر کردووەتەوە. رژێمی ئیسلامی بە چاکی تێدەگات کە داواکاریی بۆ بەرابەری لە یاسا و لە بەرانبەر یاسا خەباتێکی ئاگاییبەخشە کە دژایەتی نێوان فێرکارییە ئیسلامییەکانی بناژۆخوازان و پێویستییەکانی ژیان و دامەزراوەکان و بەها ئەوڕۆکەییەکان بە بێ بەکارهێنانی دروشمە توندڕەوانە و بێزارکەرەکان دەردەخات و تێدەگات کە ئەمە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ خەباتێکە بۆ سڕینەوەی شەریعەت لە سیستەمی یاسایی وڵات. هەر بەم بۆنەوەیە کە لەگەڵ چالاکانی مافی ژنان بە توندترین شێوە، بەندکردنەکانی درێژخایەن و سنووردارێتییە تاقەتپڕۆکێنەکان، بەرەنگاریی دەکات. و فەرمانبەران و کارگێڕانی پڕوپاگاندەیی حکوومەت، هەموو ژنانی ناسراو لەگەڵ روانگە جیاوازە سیاسی و ئایدۆلۆجیەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بە ‘کارگێڕانی ئایدۆلۆجیای گەندەڵی’ بانگ دەکەن و دەڵێن کە بەرنامەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان بۆ گۆڕانی رژێمی ئێران لە رێگای شۆڕشی نەرمەوە پشتی بەستووە بە فێمینیستەکانی ئێران. ئەمانە هەمووی لایەنە جۆراوجۆرەکانی شەڕی رژێمی ئێستاکە لە دژی ژنانی ئازادیخوازە.

بە رای من ئەو کێشەی کە فێمینیزمی سێکیولار رووبەڕووی بووەتەوە لە بنەڕەتدا هەر ئەو کێشەیە کە بزووتنەوەی پێشکەوتنخواز و دیموکراتیکی ئێران رووبەڕووی بووەتەوە. فێمینیزم لە ئێران بە ناچاری لە چوارچێوەی ئیمکانات و سنووردارێتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا پێشترێتییەکانی خۆی دیاریی دەکات. ئێستا ئەدی خاڵێک روونە و ئەوەش ئەوەی کە لەگەڵ ئیسلام، لەگەڵ رەهاخوازانی ئیسلامی و لەگەڵ تیۆرداڕێژانی ئەوە نە دەبێت بەپێی بۆچوونەکان و باوەڕەکان و وێژمانی ساویلکانەی رابردوو رووبەڕوو ببنەوە و نە بەپێی چەمکەکان، تیۆریەکان و رێنوێنییەکانی لێکۆڵەران یان دەڵاڵانی ئاکادێمیک کە دەیانەوێت بە رووناکبیرانی ئێران و وڵاتانی تری موسڵمان بقەبڵێنن کە دەبێت چاوەڕوانییەکانیان لەسەر سیستەمی سیاسی چاک لە کۆمەڵگاکانی خۆیاندا دابەزێنن و بۆ نموونە نیوە پارلەمانە ئیسلامییەکان وەکو دیموکراسی خۆماڵی کە لەگەڵ کولتوری کۆمەڵگای ئیسلامیدا رێکدەکەوێت، قبووڵ بکەن. گەورەترین دەسکەوتی بزووتنەوەی ژنان لە چل ساڵی رابردوودا شەکە/لەرەی سیاسی لەخەو راپەڕێنەر بووە کە توانیویە لە کولتوری سیاسی و کەشی رووناکبیری ئێرانی بدات و خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین گروپە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان لە کۆمەڵگای مەدەنیدا (نەک وەکو لکی ئەم یان ئەو گروپە سیاسی و یان کەسانی نەناسراو لە جووڵە سیاسییەکاندا) بسەلمێنێت. چالاکانی مافی ژنان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات توانییان باسەکانی مافی ژن لە دڵی خەباتی سیاسی و چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا بڕوێنن. ژنان لە ئێران لە هەلومەرجی زۆر ئاستەمی سەرکوتی فیزیکی و کولتووری لە رێگای داهێنانی بێ وێنەوە بە ئاشتەوایی، خۆڕاگری و کاری بەردەوامی ئاگاییبەخشانە لە بەرانبەر هەڵاواردنە راشکاو و شاراوەکانی کۆمەڵایەتی و یاسایی، لە بەرانبەر پێکەوە نەسازانی کولتووری و توندوتیژیی حکومی و ناوماڵ خەباتیان کردووە، و لە کۆمەڵگادا باسی وێژمان و نەریتەکان و ئاکارە کۆمەڵایەتییەکانی سووککەری ژنیان کردووە و بەرەنگاری بوونەتەوە. هیچ شتێک وەک خۆڕاگری ژنان و جیهادی بێ بەرهەمی ئەخلاقی و کولتووری دەوڵەتی ئیسلامی لە دژی ئەوان نەیدەتوانی تایبەتمەندیی توند و دواکەوتووانەی سیستەمی ئیسلامی دەربخات و بەرەبەرە لە میلیۆنان ژن و پیاو کە هیوای گۆڕانکاریی بنەڕەتییان لە شۆڕش هەبوو، وەهم بسڕێتەوە. ئامادەبوونی بەرچاو و بەرهەستی ژنان لە کەشی سیاسی وڵات و ئامادەیی ئەوان بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی سیاسی، سەربەخۆیی تیۆریک و سیاسی ئەوان خەریکە کولتووری سیاسی وڵات ژێروژوور دەکات.

ناوەندی کوردستان: چ شتگەلێک بە لەمپەڕی تێپەڕین لە دۆخی هەبووی مافی مرۆڤ و لەوانە مافی ژنان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ئێران دەزانن؟ چۆن داهاتوو دەبینن؟ ئاخۆ نیشانەگەلێک لە تێپەڕین بەرەو دۆخی چاکە دەبینرێت؟

پڕۆفیسۆر موغیسی: قەیرانیتربوونی دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوین، باکووری ئافریقا، باشووری ئاسیا و ئەفەریقای ناوەندیی، هەروەها کە پاش تراژیدیای ۱۱ سێپتەمبەر پێشبینی دەکرا، بووە هۆی ئاگاداربوونەوەی هاووڵاتییانی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر کاولیی، توندوتیژیی، ترس، نائەمنی و نامسۆگەرییەک کە بە دوای دەستێوەردانە سیاسییەکان و هێرشی چەکداری هێزە رۆژئاواییەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەشەی بناژۆخوازیی ئایینی و تێرۆریزم، پتر لە سێ دەیە ئەزموونی رۆژانەی خەڵک لەم وڵاتانەدا بووە. سەرەوخواربوونەوەی پەناخوازانی سووری، عێراقی، ئەفغانی، لەگەڵ شەپۆلی کۆچبەرانی ئەفریقایی، بە جێی هاندانی خەڵکی ئەوروپا بۆ بیرکردنەوە لەسەر دواهاتە کردەوەییەکانی سیاسەتی دەرەوەی هێرشبەرانە و کێشەخوازانەی دەوڵەتەکانیان لە وڵاتانی دوورەدەس، هەستی رەگەزپەرستانە لەدژی کۆچبەرانی موسڵمان و سنووردارکردنی مافی دیموکراتیکی هاووڵاتێتیی ئەوانی بە بیانووی ئاسایش پەرە پێ داوە، و خەبات لە دژی رەگەزپەرستی و پێکەوە نەسازانی ئاستەمتر کردووە.

پرسەکە ئەوەیە کە ئیدانەکردن و بەرەنگاربوونەوەی لە ئیسلامۆفۆبیا و ئاکار و سیاسەتە رەگەزپەرستانەکان کە هەموو موسڵمانەکان یان کەسانێ کە گوناحیان لەدایکبوون لە کۆمەڵگاکانی زۆرینە موسڵمانە دەکاتە ئامانج، بە بێ مەحکووم کردنی بێ مەرجی تێرۆریزم و ئایدۆلۆجیا و کردەوەی بناژۆخوازانی ئیسلامی کە بەرهەمهێنەر و بەخێوکەری توندڕەوی ئایینی و تێرۆریزمن ئێمە لە سووڕێکی بەتاڵدا رادەگرێت. هەر ئەم بیرۆکەیە کە گوناحی دواکەوتوویی کولتووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگاکانی خۆ تەنیا دەخاتە ئەستۆی کۆلۆنیالیزم و ئیمپێریالیزم و رۆڵی تاڵانکەرانی سامانە نیشتمانییەکان و دەسەڵاتدارانی خۆ-تەوەر و ئەوانەی لە دەسەڵات کەڵکی نالەبار وەردەگرن و مەلاکان و شەرعخوازانی بناژۆخواز کە بە سەرکوت کردنی هەر بیرۆکە و باوەڕێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی دەقە پیرۆزەکان و فەرمانە شەرعییەکان بەرگیری لە پێشکەوتنی خەڵک بەتایبەت ژنان دەکەن، رەچاو ناکات. هیچ شتێک ناتوانێت زیاتر لە رەخنەی بوێرانە لە کولتووری خۆمانە نایەکدەستی و جیاوازییە گەورەکانی بیر و هزریی نێوان زۆرینەی خەڵکی ئاسایی و بناژۆخوازان و توندڕەوە ئایینییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی تری بە ناو ئیسلامی روون بکاتەوە؛ خەڵکێ کە رێک بە هۆی جیاوازییەکان و دژایەتییەکانیان لەگەڵ بناژۆخوازان بەرەوڕووی هەڵاواردن و ئازار بوونەتەوە و یان ناچار دەبن کە وڵاتی سەرەکی خۆیان بەجێ بهێڵن.

بەرهەمی ۴۰ ساڵ حکوومەتی ئایدۆلۆجیکی ئایینی لە ئێران، سنووردارتربوونی مافی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەکانی ژیانی ژنان و پیاوانەترکردنی دەرفەتە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەکانە. وێرای ئەوەی کە حکوومەت بە شێوەی رەها و پاوانخوازانە دەسەڵاتی بەکارهێنانی هەر جۆرە توندوتیژییەکی هەیە، نزیکەی زاڵیەتی تەواوی بە سەر دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانی وڵاتدا هەیە، ژنانی ئێران لە شەڕێکی زۆر نابەرابەردا کە هەڕەشە لە ژیانیان دەکات، خەریکی خەباتن بۆ مافەکانیان. چالاکانی مافی ژنان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات سەرکەوتوون کە باسەکانی مافی ژنان لە خەباتی سیاسی و چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا بهێننە ئاراوە و لە دۆخی زۆر ئاستەمدا بە کاری بەردەوامی ئاگاییبەخش لە بەرانبەر هەڵاواردنەکان و توندوتیژیی حکومی و ناوماڵ خەبات بکەن. بەڵام ئەم خەباتە تازە دەستی پێ کردووە و بۆ پێشکەوتن پێویستی بە دەرەتانی باش و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان هەیە. خەبات لە پێناو بەرابەری رەگەزێتیی بە بێ هەبوونی بزووتنەوەیەکی بەهێزی فێمینیستی بە بەرهەم ناگات، بزووتنەوەی فێمینیستی گرێدراوی هەبوونی دیموکراسی و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانە.

پێشترێتی سەرەکی بۆ رووناکبیران و بەتایبەت چالاکانی بزووتنەوەی سێکیولار ئەوەیە کە لە بۆچوونەکان و شیکارییە تاک رەهەندییەکانی رابردوو سەبارەت بە رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگا و یان ژیان لەگەڵ وەهم و خەیاڵاتی رووناکبیرانە و هەندێ جار ئاکاری سووکاوی لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییەکان کە هیچ یارمەتی نادات بۆ تێگەیشتن لە مێکانیزمەکانی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی ئەم دێوە زەبەلاحە کە بە وزەیەکی بێ وێنە سێبەری خستووەتە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، دەست هەڵگرن. یارمەتی و هاوکاری رووناکبیران و دادپەروەریخوازان بۆ جێگیرکردنی دیموکراسی سێکیولار لە ئێران و لە وڵاتانی تری ناوچەکە پێشترێتی بنەڕەتی ئێمەیە.

ئەگەر دیموکراسی بە بەشداریی بەرابەری هەموو هاووڵاتییان لە رێگای نوێنەرانیانەوە لە باسەکانی پێوەندیدار بە سیاسەتەکان و ئەو یاسایانە بزانین کە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ئەوان رێکدەخات، حکوومەتی ئایینی چۆن سیاسەتەکان و یاساکان بەپێی فەرمانەکان و وانە ئایینییەکان رێکدەخات و دیاریکردنی خێر و شەڕ و چاکە و خراپەی کۆمەڵگا تایبەت بە هەڵبژێردراوانێ دەزانێت کە باوەڕیان بە کارگێڕیی و دەسەڵاتی دیاریکردن و مافی هەڵبژاردنی تاکەکەسی نییە، لە بنەڕەتدا رەتکەرەوەی بەشداریی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانە. حکوومەتی سێکیولار لانیکەم هەلی خەبات لە دژی گەشەی ئایدۆلۆجی و دەروونی و سۆزدارانەی ئایین لەسەر ویژدانی کۆمەڵگا دەڕەخسێنێت و ئیمکاناتی دەستێوەردانی فەرمی ئایین لە سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکاندا سنووردار دەکاتەوە – پێکهاتنی حکوومەتی سێکیولار بە واتای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و لەنێوچوونی بندەستی رەگەزیی، نەتەوەیی و ئایینی نییە، بەڵام رێگا بۆ پێکەوەسازان، وتووێژ و ئاڵوگۆڕی هزر و بیر خۆش دەکات کە بۆ بزووتنەوەی فێمینیستی زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی کە دەرفەتی پێ دەدات تاکو بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئیمکاناتی سیاسی و کولتووری و پەروەردەیی بۆ برەودان و بانگەشەی روانگەکانی خۆی سەبارەت بە پێشترێتییەکان و پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینییەکان و لەدژی دەستدرێژیی رەهاخوازانی ئایینی لەسەر جەستەی ژنان و کۆنتڕۆڵی ئاکارە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی ئەوان، تێبکۆشێت. هەبوونی حکوومەتی ئایینی رێک رەتکردنەوەی هەبوونی وەها دەرەتانێکە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *